هەواڵ

ئاسایشی نیشتمانی ناسنامەی گروپە چەکدارەکانی تورکیای لە عێراق ئاشکراکرد

Mic
2025-04-13

دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق زانیاری مەترسیدار لەبارەی جموجۆڵی میت لەعێراق بڵاوکردەوە و ناسنامەی گروپەکانی سەر بەمیت لەعێراق ئاشکرا کرد.

 بەپێی دوو بەڵگەنامەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، کە دەستی دیجیتاڵ میدیای MIC کەوتووە، دەزگاکە زانیاری مەترسیدارە دربارەی دامەزراندنی هاوڵاتیانی تروکمان لەگروپە چەکدارییە نهێنییەکانی سەربەتورکیا لە ناوخۆی عێراق بڵاوکردەوە، کە لەلایەن میتی تورکیاوە پشتیوانی دەکرێن.

دەزگاکە زانیاری هەواڵگری مەترسیداری لەبارەی جموجۆڵی گروپەکانی سەربەتورکیا لەناو عێراق ئاشکراکردووە و ناسنامەی چەندین گروپی خستووەتەڕوو.

لەبەشێکی بەڵگەنامەکاندا دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق ئاشکرای کردووە، کە گروپی گورگە بۆرەکان، کە گروپێکی توندڕەوی تورکییە و میت پاڵپشتیان دەکات، لەنێو زانکۆیەک لەشارەدێی پردێ لەباکوری کەرکوک کۆبوونەتەوە و یادی مەراسیمی "رۆژی شەهیدانی تروکمانیان بەرز راگرتووە" و پەیمانیان بۆ میت دووپات کردووەتەوە.

هەر بەپێی بەڵگەنامەکەی INSSـی عێراقی بەشێک لەو گروپانە پێشتر لەناوخۆی عێراق چەندین کەرەستەی تەقەمەنی جۆراوجۆرییان بەکارهێناوە.

پێشتر،زاری قەیس خەزعەلى ئەمینداری گشتى عەسائیبی ئەهلی حەق رایگەیاندووە، تورکیا لەناو خاکی عێراقدا میلشیاى تایبەتى دروستکردووە و پەیوەندییەکانى نێوان عێراق و تورکیاى لەسەر کەمکردنەوەى هەژموونى ئێران لە عێراق هەژمارکردووە.

باسی لەوەشکردووە، پێدەچێت لەم ماوەیەدا سودانى بچێتە تورکیا و دواتریش ئەردۆغان سەردانى عێراق بکاتەوە و تەوەرى سەرەکیش بوون و پەرەپێدانى میلشیاکانى تورکیا دەبێت لە عێراق. 

رونیکردوەتەوە، تورکیا مەترسییەکى گەورەیە لە سەر عێراق و لە باکوری عێراق و هەردوو پارێزگاى کەرکوک و موسڵ هەزاران چەکداری بڵاوەپێکردووە. 

ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، ئەو هێزە ئاشکرایانەى کە تورکیا لە کوردستان هەیەتى عێراق چراى سەوزی داوەتێ، بڕیاریشە بەشێک لەو کەسانە لەم ماوەیەدا بنێردرێنە تورکیا بە مەبەستى راهێنان و مەشقپێکردنیان.

پێشکەوتن و پێشهاتەکانی سیاسەتە دەرەکییەكانی، کاریگەریى تورکیاى لە سەر ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی زیاتر کردووە، ئەمەش یارمەتیی تورکیای داوە وەک ئەکتەرێکی گرنگی گۆڕەپانەکە مامەڵەى لەگەڵدا بکرێت.

تورکیا بە هۆى هاوسنوریى لەگەڵ وڵاتانی وەک سووریا و عێراق؛ ڕۆڵێکی گرنگی لە ململانێکاندا وەرگرتووە، جارێک وەک بێلایەن و جارێک وەک لایەنگر دەردەکەوێت. 

لە چەندین لایەنی وەک هاوکارى و لەخۆگرتنی پەنابەران، ئۆپەراسیۆن بۆ سەر سنوورەکانی خۆى و تەنانەت لە دەرەوەى سنوورەکانی خۆیدا، فراوانکردنی پەیوەندیی بازرگانی و گرنگیدانی بە کەرتی وزە؛ لەم ساڵانەى دواییدا تورکیا ئامادەییەکی بەرچاوی هەبووە.

More News

Most Popular

هەواڵ

وەزارەتی دارایی لە ناردنی لیستی مووچە بۆ بەغدا دواکەت

Mic
2025-04-18


وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم لیستی مووچەی مانگی چواری بۆ بەغدا نەناردووە، لەکاتێکدا بەپێی قسەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم، دەبوایە پێنج رۆژ پێش ئێستا لیستەکە بنێردرایە.

هەفتەی پێشوو، لە دوو لێدوانی رۆژنامەوانیدا، سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، رۆژی 13ـى نیسان، لیستی مووچەی مانگی چوار ئامادە دەبێت و شاندێکی تەکنیکی هەرێم لیستەکە دەگەیەنێت بە بەغدا.

هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، شاندەکە لە بەغدا دەمێنێتەوە تا هەر کێشەیەک لە لیستەکەدا هەبوو چارەسەر بکرێت و وتی: دوای تەمویلکردنی وەزارەتەکانی عێراق، وەزیری دارایی عێراق پارە بۆ هەرێم دەنێرێت.

دوای پێنج رۆژ لەو وادەیەی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی بۆ ناردنی لیستی مووچە دیاریکردبوو، تائێستا وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی مانگی چواری موچەخۆرانی هەرێمی بۆ بەغدا نەناردووە.

وەزارەتی دارایی هەرێم رۆژی 26ـى ئادار لیستی مووچەی مانگی ئاداری بڵاوکردەوە، لەوکاتەوە هیچ راگەیەندراو و لێدوانێکیان لەسەر مووچەی مانگی نیسان نەداوە.

ناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە بەسترواوە بە ناردنی لیستی مووچە لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە بۆ بەغدا، وەزارەتی دارایی عێراق هەموو مانگێک تا 18ـى مانگ وەزارەتەکانی عێراق پارەدار دەکات، ئەگەر لیستی مووچەی هەرێمی بە دەستبگات و تێبینی لەسەری نەبێت لەدوای 18ـى مانگەوە مووچەی هەرێم دەنێرێت.