هەواڵ

بەڕازیلییەکی دیکە گرژی لە نێوان لایەنگرانی پارتی و یەکێتی لە هەولێر دروست دەکات

Mic
2025-04-13

فلیمێکی سینەمایی بە ناوی "بەڕازیلییە شینەکە" گرژی لە نێوان لایەنگرانی پارتی و یەکێتی دروستکردووە، لایەنگرانی یەکێتی و کەسوکاری هاوڵاتییەک کە لە ژیاندا نەماوە بەرهەمهێنەرانی فیلمەکە بە "شێواندنی مێژوو" تۆمەتبار دەکەن، دەرهێنەری فیلمەکە دەڵێت، "ئێمە فیلمەکەمان لەسەر چیرۆکێک بنیات ناوە کە پەیوەست نییە بە هیچ کەسێک و ئەوان سەربەخۆ کێشەیان بۆ خۆیان دروست کردوە".

"بەڕازیلیە شینەکە" فیلمێکی ئەکشن و تاوانکارییە و باسی ژیانی هەولێر دەکات لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو.

فیلمەکە باس لە چیرۆکی پێنج گەنج دەکات، کە گروپێکیان پێکهێناوە و کاری مافیاگەری ئەنجام دەدەن، ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی گرانبەهای هاوڵاتییان دەدەزن و خەڵک دەکوژن.

هەرچەندە فیلمەکە هیچ بەروارێکی باس نەکردووە، بەڵام شێوازی گێڕانەوە و روداوەکان دەگەڕێنەوە بۆ ساڵانی 1991 تا 1996  کە ئەوکات یەکێتی نیشتمانی کوردستان حزبی حکومڕانی هەولێر بووە.

شێوازی گێڕانەوەی روداوەکان ناڕەزایەتی لێکەوتوتەوە، کەسوکاری 'تەحۆی بەستەپیازە' رایانگەیاندووە، سکاڵایان لەسەر ستافی فیلمی بەڕازیلییە شینەکە تۆمار کردووە. 

تەحسین موحسین یان تەحۆی بەستەپیازە، لە ساڵی 1973 لەدایکبووە، بە وتەی براکەی لە ساڵی 1995 لە هەولێر گولـلەباران کراوە و کوژراوە.

بەوتەی کەسوکارەکەی، پاڵەوانی سەرەکیی فیلمەکە،تەحسین موحسین مەولوودە، کە بە تەحۆی بەستەپیازە ناسراوە، بەڵام بەرهەمهێنەرانی فیلەمەکە چیرۆکەکەیان شێواندووە و براکەیان وەک مافیا و کەسێکی خراپ وێنا کردووە.

فیلمی "بەڕازیلیە شینەکە" لە دەرهێنانی محەممەد شێروانی، نووسینی داروین وەیس-ە، دەرهێنەری فیلمەکە لەبارە ئەو ناڕەزایەتییانەوە رایگەیاندووە، "ئێمە فیلمەکەمان لەسەر چیرۆکێک بنیات ناوە کە پەیوەست نییە بە هیچ کەسێک و ئەوان سەربەخۆ کێشەیان بۆ خۆیان دروست کردوە".

داروین وەیس باسی لەوەشکردووە، لە فیلمەکەدا هیچ کارەکتەرێک بە ناوی تەحۆوە نییە، وتیشی، "چەند کەسێکی ئەو خێزانە پەیوەندیان بە ئێمەوە کردووە و ئێمەش پێمانوتوون بڕۆن سەیری فیلمەکە بکەن ئینجا بڕیار بدەن، دوای ئەوەی سەیری فیلمەکەیان کردووە، داوایان لێکردووین کە دیمەنی کوشتنی فەعۆ لە فیلمەکە لابدەین".

لایەنگرانی یەکێتی لە هەولێر نیگەرانن
دوای شەڕی ناوخۆیی پارتی و یەکێتی لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا، هەمیشە ئۆتۆمبێلی بەڕازیلی بەشێک بووە لە ناکۆکی و شەڕی ڕاگەیاندنی پارتی و یەکێتی.

کۆتایی مانگی ئابی ساڵی رابردوو جارێکی دیکە شەڕی میدیای پارتی و یەکێتی لەسەر ئۆتۆمبێلی بەڕازیلی دروست بوو، بەرپرسانی پارتی و یەکێتی لە ئاستی باڵا قسەیان لەسەر کرد. 

میدیاکانی پارتیش چیرۆکی ئۆتۆمبێلێکی جۆری ڤۆڵگس واگن پاساتی مۆدێل 1988ــی رەنگ سوریان ورژواند کە لەناو کوردا بە بەڕازیلی ناسراوە، بە وتەی میدیا و لایەنگرانی پارتی لە سەردەمی دەسەڵاتی یەکێتی لە هەولێر گیراوە و خەڵک بەهۆی ناسەقامگیرییەوە ئۆتۆمبێلەکانیان بردووەتە سەر ماڵەکانیان.

یەکێتی لە میدیاکانیەوە زانیارییەکانی رەتکردەوە و لە راپۆرتێکی ڤیدیۆیدا بەغدایان وەک شوێنی وێنەی ئەو ئۆتۆمبێلە بەڕازیلیە دەستنیشاند کرد لە سەربانی ماڵێک دانراوە. 

یەکێتی بەرهەمهێنان و نمایشکردنی " بەڕازیلییە شینەکە" وەک بەشێک لە درێژکراوەی ئەو ناو ناکۆکییانە دەبینن کە لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا لەگەڵ پارتی هەیان بووە.

دیجیتاڵ میدیای Mic پەیوەندی بە بەرپرسانی پارتی و یەکێتییەوە کرد، بەڵام ئامادە نەبوون هیچ رونکردنەوەیەک بدەن و رایگەیاند، خوێندنەوە و کاردانەوەکان بۆ هاوڵاتییان جێدەهێڵن.

یەکێتی بەشێوەیەکی فەرمی تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکی نەبووە و رێگەی بە نمایشکردنی فیلمەکەش لە سلێمانی داوە، بەڵام نیگەرانی و ناڕەزایەتی لایەنگرانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بە شێوەکی فراوان دەبینرێت، لایەنگرانی یەکێتی بۆچوونیان وایە، نوسەر و دەرهێنەر لە بەرژەوەندی لایەنێکی سیاسی، کە مەبەست پارتی دیموکراتی کوردستانە، نوسەر چیرۆکی ژیانی تەحسینی بەلاڕێدا بردووە و یەکێتیشی وەک حکومڕانێکی سەرنەکەوتوو لە هەولێر پێناسە کردووە.

لایەنگرانی پارتی لەگەڵ وەڵامدانەوەی نیگەرانیی لایەنگرانی یەکێتیدا، پشتیوانی فیلمی "بەڕازیلییە شینەکە" دەکەن، هەندێک کاتیش وێنەی ئەو بەڕازیلییە بڵاودەکەنەوە کە زۆرکات شەڕی راگەیاندنی دژ بە یەکێتی پێ گەرم دەکەن.

More News

Most Popular

هەواڵ

وەزارەتی دارایی لە ناردنی لیستی مووچە بۆ بەغدا دواکەت

Mic
2025-04-18


وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم لیستی مووچەی مانگی چواری بۆ بەغدا نەناردووە، لەکاتێکدا بەپێی قسەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم، دەبوایە پێنج رۆژ پێش ئێستا لیستەکە بنێردرایە.

هەفتەی پێشوو، لە دوو لێدوانی رۆژنامەوانیدا، سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، رۆژی 13ـى نیسان، لیستی مووچەی مانگی چوار ئامادە دەبێت و شاندێکی تەکنیکی هەرێم لیستەکە دەگەیەنێت بە بەغدا.

هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، شاندەکە لە بەغدا دەمێنێتەوە تا هەر کێشەیەک لە لیستەکەدا هەبوو چارەسەر بکرێت و وتی: دوای تەمویلکردنی وەزارەتەکانی عێراق، وەزیری دارایی عێراق پارە بۆ هەرێم دەنێرێت.

دوای پێنج رۆژ لەو وادەیەی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی بۆ ناردنی لیستی مووچە دیاریکردبوو، تائێستا وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی مانگی چواری موچەخۆرانی هەرێمی بۆ بەغدا نەناردووە.

وەزارەتی دارایی هەرێم رۆژی 26ـى ئادار لیستی مووچەی مانگی ئاداری بڵاوکردەوە، لەوکاتەوە هیچ راگەیەندراو و لێدوانێکیان لەسەر مووچەی مانگی نیسان نەداوە.

ناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە بەسترواوە بە ناردنی لیستی مووچە لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە بۆ بەغدا، وەزارەتی دارایی عێراق هەموو مانگێک تا 18ـى مانگ وەزارەتەکانی عێراق پارەدار دەکات، ئەگەر لیستی مووچەی هەرێمی بە دەستبگات و تێبینی لەسەری نەبێت لەدوای 18ـى مانگەوە مووچەی هەرێم دەنێرێت.