هەواڵ

دۆخ و ئاڵنگارييه‌كان لە پێکهێنانی حکومەتدا پەلە بە یەکێتی و پارتی دەکەن

Mic
2025-04-16

پارتی و یەکێتی کۆبونەوەکانیان بۆ دابەشكردنی پۆستەکانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان خێراتر دەکەن، نێچیرڤان بارزانی داوای زوو پێکهێنانی حکومەت دەکات، مەسرور بارزانیش هیوای زوو پێکهێنان دەخوازێت.

بڕیارە سبەینێ جارێکی دیکە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە کۆببنەوە.

دابەشكردنی پۆستەکانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەوەری سەرەکی کۆبونەوەکانی پارتی و یەکێتی دەبێت. 

پارتی و یەکێتی بەشێوەیەک کۆبونەوەکانیان خێرا کردووە، کە تەنها دوای یەک رۆژ ئامادەکاری بۆ دووەم کۆبونەوەیان لەسەر دابەشكردنی پۆستەکان دەکەن.

تا ئێستا پارتی و یەکێتی هیچ وادەیەکیان بۆ پێکهێنانی حکومەت ئاشكرا نەکردووە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئێستا شوکر بۆ خوا گفتوگۆکانی پارتی و یەکێتی باش بەڕێوە دەچن، بەڵام هیوادارین بتوانین لە ماوەیەکی کورتدا، حکوومەت پێک بهێنین. ئیتر با چاوەڕێ بین."

ڕۆژنامەنووسێک پرسیاری لە مەسرور بارزانی کرد "تا کۆتایی مانگی چوار حکومەتی نوێ پێک دەهێنرێت؟" لە وەڵامدا وتی، "هیوادارم."

دۆخ و ئاڵنگارييه‌كانى ئێستاى ناوچه‌كه‌ پارتی و یەکێتی بە خێراکردنی گفتوگۆکان ناچار کردووە، هەستیش بە فشارێکی نێودەوڵەتی بۆ لێکنزیکردنەوەی دوو حزبەکە دەکرێت.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وتاری دەسپێکردنی دیداری سلێمانی داوای کرد، پارتى و يه‌كێتى و لايه‌نه‌ براوه‌كانى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان په‌له‌ بكه‌ن و چى زووتره‌ كابينه‌ى تازه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان پێك بهێنن.

نێچیرڤان بارزانی باسی لەوەشکرد، پێویستە پەرلەمانی کوردستان کارا بێت وحكومه‌تێك پێکبهێنرێت کە وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ى چاوه‌ڕوانييه‌كانى هاووڵاتييان بێت و بتوانێت وه‌ك پێويست مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پێشهات و ئاڵنگارييه‌كاندا بكات. 

پارتی و یەکێتی دیدگای هاوبەشیان بۆ حکومەتی داهاتوو ئامادە کردووە، ئەوەی ئێستا ماوەتەوە دابەشكردنی پۆستەکانە، ئومێد سەباح ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئامانجی پارتی و یەکێتی دروستکردنی حکومەتێکی کارا و حکومەتێکی سەقامیگرە.

یەکێتی لە بانگەشەی هەڵبژاردندا داوای پۆستی سەرۆکی حکومەت یان سەرۆکی هەرێمی کوردستانی دەکرد، سەبارەت بە دابەشكردنی پۆستەکان لە ناویاندا پۆستی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان، ئومێد سەباح وتی،" تا ئێستا باسی دابەشکردنی پۆستی سەرۆکایەتییەکانیان نەکردووە". 

رۆژی 15ـی نیسانی 2024، دوایین کۆبونەوەی پارتی و یەکێتی بەڕێوەچوو،  دوای تەواوبوونی کۆبونەوەکە دوو حزبەکە لە ڕاگەیەنراوێکی هاوبەشدا جەختیان لەوە کردەوە "کۆبوونەوەکە لە کەشێکی دۆستانە و ئەرێیدا بەڕێوە چوو و گفتوگۆ لەبارەی هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا". 

More News

Most Popular

هەواڵ

وەزارەتی دارایی لە ناردنی لیستی مووچە بۆ بەغدا دواکەت

Mic
2025-04-18


وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم لیستی مووچەی مانگی چواری بۆ بەغدا نەناردووە، لەکاتێکدا بەپێی قسەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم، دەبوایە پێنج رۆژ پێش ئێستا لیستەکە بنێردرایە.

هەفتەی پێشوو، لە دوو لێدوانی رۆژنامەوانیدا، سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، رۆژی 13ـى نیسان، لیستی مووچەی مانگی چوار ئامادە دەبێت و شاندێکی تەکنیکی هەرێم لیستەکە دەگەیەنێت بە بەغدا.

هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، شاندەکە لە بەغدا دەمێنێتەوە تا هەر کێشەیەک لە لیستەکەدا هەبوو چارەسەر بکرێت و وتی: دوای تەمویلکردنی وەزارەتەکانی عێراق، وەزیری دارایی عێراق پارە بۆ هەرێم دەنێرێت.

دوای پێنج رۆژ لەو وادەیەی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی بۆ ناردنی لیستی مووچە دیاریکردبوو، تائێستا وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی مانگی چواری موچەخۆرانی هەرێمی بۆ بەغدا نەناردووە.

وەزارەتی دارایی هەرێم رۆژی 26ـى ئادار لیستی مووچەی مانگی ئاداری بڵاوکردەوە، لەوکاتەوە هیچ راگەیەندراو و لێدوانێکیان لەسەر مووچەی مانگی نیسان نەداوە.

ناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە بەسترواوە بە ناردنی لیستی مووچە لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە بۆ بەغدا، وەزارەتی دارایی عێراق هەموو مانگێک تا 18ـى مانگ وەزارەتەکانی عێراق پارەدار دەکات، ئەگەر لیستی مووچەی هەرێمی بە دەستبگات و تێبینی لەسەری نەبێت لەدوای 18ـى مانگەوە مووچەی هەرێم دەنێرێت.