سارا حەمەنەجیب، بەڕێوەبەری ژمێریاری لەبەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی سلێمانی راگەیاندووه، لەهاوتاکردنی موچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ سەرجەم خانەنشینان سودمەنددەبن بەجۆرێک ئەوانەی لەدوای ساڵی 2014ـەوە خانەنشین بوون دەرماڵەی ساڵانی خزمەت و بڕوانامەیان بۆ ئەژماردەکرێت. وتیشی، هەرخانەنشینێک موچەی لە یەک ملیۆن دینار کەمتربێت لەگەڵ موچەی خانەشینی مانگانە بڕی 100هەزار دیناری پێدەدرێت. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو خانەنشینانەی بەر لەساڵی 2014 خانەنشین بوون و مووچەکانیان لە 500 هەزاردینار کەمترە مووچەکانیان دەکرێتە 500 هەزاردینار و بڕی 100هەزار دیناری مانگانەی باشترکردنی بژێوی ژیانیان بۆخەرج دەکرێت. بەڕێوەبەری ژمێریاری لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینیی سلێمانی باسیلەوەشکرد، ئەو خانەنشینانەی کۆچی دواییانکردووە 100 هەزاردینار لەگەڵ مووچەی خانەنشینی دەدرێتە واریسەکانیان و کۆی گشتی ئەو بڕە پارەیەی خانەنشینان کە زیاد دەبێت لەسنوری پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 28 ملیار دینارە و لیستەکان تەواوبووە و ئەمشەو ئاراستەی وەزارەتی دارایی دەکەن.
ئەمساڵ هەرێمی کوردستان زیاتر لە 35 هەزار کەس پێکەوە خانەشین دەکات، هەر کەسێکیشیان تەمەنی خزمەتی 25 ساڵ بێت 18 مووچەی پێکەوە پێدەدرێت. پێشبینی دەکرێت، بە خانەنشینی بوونی ئەو ژمارە فەرمانبەرە دەرگای دامەزراندنی نوێ بەڕوی بەشێک لە گەنجاندا بکرێتەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە، تەنها لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا زیاتر لە 35 هەزار فەرمانبەر خانەنشین بکات.
بەشی کارگێڕی سەرجەم فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ماوەی دوو ڕۆژە سەرقاڵی ئامادەکردن و رێکخستنی لیستی ئەو فەرمانبەرانەن کە خانەنشین دەکرێن.
بەپێی ڕێکارەکان، ئەو کەسانەی لەم قۆناغەدا خانەشین دەکرێن، لەدایکبووانی ساڵەکانی 1962،1963،1964ن لەگەڵ لەدایکبووانی مانگی یەکی ساڵی 1965 کە تەمەنیان بووەتە 60 ساڵ خانەنشین دەکرێن.
یاساکەی عێراق بۆ خانەشینکردنی فەرمانبەران بەکاردەهێنرێت
کۆتایی مانگی تشرینی دووەمی 2022، دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق، بڕیاریدا بە پابەندکردنی حکومەتى هەرێمى کوردستان بە کارکردن بە یاسای ژمارە 9ـی ساڵی 2014ـی تایبەت بە یاسای یەکگرتوی خانەنشینی عێراق، بەگوێرەى یاساکە کەمترین موچەى خانەنشینى 400 هەزار دینار دەبێت.
تەموزی 2024، حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبوونی خۆی بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵیەوە ڕاگەیاند و بڕیاریدا ئەو یاسایە بۆ خانەنشینکردنی فەرمانبەرانی بەکاربهێنێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە خانەنشینکردنی ئەم فەرمانبەرە نوێیانەشدا پشت بە هەمان یاسا دەبەستێت، بەڵام بڕیاریداوە، تەمەنی خانەنشینیی لە 63 ساڵەوە بۆ 60 ساڵی كەم بکرێتەوە.
بەپێی یاسای خانەنشینی عێراق کە هەرێمی کوردستان بۆ خانەنیشینی بوونی فەرمانبەران بەکاریدەهینێت، هەر فەرمانبەرێک لە کاتی خانەنشینیدا ئەگەر 25 ساڵ خزمەتی هەبێت، 12 مووچە وەک پاداشتی ساڵانی خزمەت پێدەدرێت لەگەڵ شەش مووچەی مۆڵەتی کۆکراوە.
کەسوکاری شەهیدان دەتوانن خانەنشین نەبن
وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان مافی بەردەوامبوون بەو کەسانە دەدات کە خاوەن شەهیدی پلە یەک و دوون و تەمەنی خانەشینیان تەواو کردووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، ئەو کەسانەی کەسی پلە یەک و پلە دوویان شەهیدە، فۆڕمێکی تایبەتی وەزارەتی دارایی عێراقییان پڕکردوەتەوە، بە مەبەستی "ئەنجامدانی کاری پێویست و بەردەوامبوونیان لە خزمەت".
ژمارەی خانەنشیان
بەپێی دوایین ڕاپۆرتی وەزارەتی دارایی و ئابوری بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، 277 هەزار و 541 کەس لە هەرێمی کوردستان خانەنشینن.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان، مووچەی یەک مانگی خانەشینان پێویستی بە زیاتر لە 180 ملیار دیناری مانگانە هەیە.
دامەزراندن دەکرێتەوە؟
خانەنشین بوون، ڕێگەیەکە بۆ نوێکردنەوەی فەرمانگە و دامەزراوە حکومییەکان بە گەنجان و لاوان، چونکە پێویستە لەگەڵ خانەشینبوونی توێژێکدا توێژێکی نوێ دابمەزرێت.
تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ، ڕێکار و ڕێنماییەکی بڵاونەکردوەتەوە کە تایبەت بێت بە دامەزراندنی فەرمانبەری نوێ لە شوێنی ئەو فەرمانبەرانەی خانەنشین دەکرێن، بەڵام پێشبینی دەکرێت، بە خانەنشینی بوونی ئەو ژمارە فەرمانبەرە دەرگای دامەزراندنی نوێ بەڕوی بەشێک لە گەنجاندا بکرێتەوە.