هەواڵ

سەپاندنی باجی گومرگی ئەمریکا نرخەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەرز دەکاتەوە

Mic
2025-04-12

سەپاندنی باجی گومرگی کاریگەری لەسەر بازاڕەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دروست دەکات، چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوودا نرخی ئۆتۆمبێل و چەند کاڵایەکی دیکە بەرز بکاتەوە.

ماوەی چەند ساڵێکە بەشێکی زۆری ئۆتۆمبێلەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، لە ئەمریکاوە هاوردە دەکرێن و بازاڕێکی گەرمی بازرگانیی هەیە.

هێژا ئاکۆیی کە کاری بازرگانی ئۆتۆمبێلە لەبارەی بڕیارەکانی ئەمریکا بۆ سەپاندنی باجی گومرگی رایگەیاند، "بێگومان بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا کاریگەریی لەسەر کەرتی بازرگانی و بە تایبەتیش ئۆتۆمبێل دروست دەکات".

پێشتریش دۆناڵد ترامپ باجی 25% خستبووە سەر هەناردەکردنی ئۆتۆمبێل لە وڵاتانەوە کە بۆ ئەمریکا، پێشبینی دەکرێت نرخی ئەو ئۆتۆمبێلانە بەرز بێتەوە کە دواتر بەشێوەی دەستی دوو لە ئەمریکاوە هەناردەی وڵاتانی دیکە دەکرێتەوە لە نێویاندا عێراق و هەرێمی کوردستان.

ئەو بازرگانە رونی کردەوە،" 25% باجەکان خراونەتە سەر ئۆتۆمبێل، واتا ئەگەر ئێستا ئۆتۆمبێلێک بە بەهای 10 هەزار دۆلار بێت، دوای جێبەجێکردنی بڕیارەکە هەمان ئۆتۆمبێل بە 12 هەزار و 500 دۆلار دەکڕین، ئێمەش ناچارین ئەو بڕە پارەیە بخەینە سەر ئۆتۆمبێلەکە لە کاتی فرۆشتندا".

بازرگانانی ئۆتۆمبێل لە مەزادەکانی ئەمریکادا ئۆتۆمبێل دەیکڕن، دوای نزیکەی سێ مانگ ئۆتۆمبێلەکان دەگاتەوە هەرێمی کوردستان، هێژا ئاکۆیی وتی،" لێکەوتەی بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا لەسەر ئۆتۆمبێل دوای سێ مانگی دیکە بەدیار دەکەوێت و ئەو کات بە ئەگەری زۆرەوە ئۆتۆمبێل گران دەبێت".

پسپۆڕانی ئابوریش هاوشێوەی بازرگانان هاوڕای بەرزبوونەوەی نرخەکانن،د. محەمەد عەلی عوزێری پسپۆڕی ئابوری بۆچوونی وایە، بە هەر شێوەیەک بێت لێکەوتەکانی بڕیارەکە لەسەر عێراق و هەرێم بەدیار دەکەوێت چونکە عێراق لە ڕووی دارایی و ئابورییەوە تا ئێستاش لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ئەمریکایە، ئەوەی هەیە لە داهاتی عێراق، ئەوا حکوومەتی ئەمریکا کۆنترۆڵی کردووە، کە واتا هەموو بڕیارە سیاسیی و ئابورییەکانی ئەمریکا کاریگەری لەسەر عێراق و هەرێم هەیە بەڵام بە شێوەیەکی کەم".

هەناردەکانی عێراق بۆ ئەمریکا زیاتر بابەتی نەوتە، ساڵی رابردوو لە عێراقەوە بە بەهای حەوت ملیار دۆلار نەوت بە ئەمریکا فرۆشراوە، نەوتیش لە دەرەوەی سەپاندنی باجەکەیە.

محەمەد عەلی عوزێری باسی لەوەکرد، "ئامانجە سەرەکییەکەی ئەمریکا لەم بابەتە، پاراستنی دۆلارە لە جیهاندا، چونکە دۆلار لەژێر مەترسییەکی زۆر گەورەی لەناوچووندایە، کە واتا ئەگەر دۆلاریش متمانەی خۆی لەدەست بدات ئەوا بێگومان کاریگەریی نەرێنیی لەسەر ئەمریکا دروست دەکات چونکە ئەمریکا بە هێزی سوپا و سەربازەکانی حوکمڕانی جیهان ناکەن وەک ئەوەی لە رێگای دۆلار کردوویەتی".

ژوری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر شۆکی بڕیارەکانی ئەمریکان بۆ سەپاندنی باجی گومرگی بەسەر کاڵای چەند وڵاتێکدا، کامەران باجگر جێگری یەکەمی سەرۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر وتی،" بڕیارەکان لە ئێستادا کاریگەرییان نابێت، بەڵام بە دڵنیایەوە لە ماوەکانی داهاتوودا کاریگەرییەکانی بەدیار دەکەوێت"

جێگری یەکەمی سەرۆکی ژوری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بێدەنگی عێراق لە بەرامبەر بڕیارەکانی ئەمریکادا بە باشترین بژاردە دەزانێت و پێی وایە،" ئەگەر وەک کاردانەوەیەک لەلایەن عێراقەوە باج خرایە سەر کاڵا ئەمریکییەکان، ئەوا هاووڵاتییان زەرەرمەند دەبن و بازرگانەکان ناچارن جێگرەوەی ئەمریکا بدۆزنەوە".

رۆژی 2ی نیسانی ئەمساڵ سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترامپ لە کۆشکی سپی بڕیارێکی نوێی ئابوری راگەیاند و بەپێی بڕیارەکە وەک بنەما باج بە رێژەی 10% بەسەر هەموو ئەو کاڵا و شتومەکانەدا دەسەپێنرێت کە لە وڵاتانەوە هەناردەی ئەمریکا دەکرێت، هاوکات 25%ی باج بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلانەشدا سەپاند کە لە دەرەوەی ئەمریکا دروست دەکرێن و هەناردەی ئەمریکا دەکرێت، هەروەها لیستێکی راگەیاند کە سەرجەم وڵاتانی جیهانی تێدا تۆمار کرابوو، بۆ هەر وڵاتێک ڕێژەیەکی جیاوازی باج دیاریی کرابوو کە کاڵا و شتومەک هەناردەی ئەمریکا دەکەن.

ئاڵوگۆڕی عێراق و ئەمریکا زیاتر لە 9 ملیار دۆلارە
بەپێی داتاکانی نووسینگەی نوێنەری بازرگانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە ساڵی 2024دا، کۆی گشتی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان عێراق و ئەمریکا، 9.1 ملیار دۆلار بووە، ساڵی 2023 قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەر دوو وڵاتەکە 10.3 ملیار دۆلار بووە،

هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا لە ساڵی 2024دا بریتی بووە لە 7.4 ملیار دۆلار لە کاتێکدا لە ساڵی 2023دا قەبارەی هەناردەی نەوت بۆ ئەمریکا 8.4 ملیار دۆلار بووە و بەم پێیەش ساڵانە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان عێراق و ئەمریکا دابەزیوە.

سەپاندنی باجی گومرگی لەلایەن ئەمریکاوە
رۆژی 2ی نسیانی 2025، دۆناڵد ترامپ، باجی گومرگی بە رێژەی 10٪ بەسەر هەموو کاڵایەک سەپاند کە هاوردەی ئەمریکا دەکرێت.
بەپێی ئەو داتایەی دۆناڵد ترامپ لە دەستیدابوو و بڵاوی کردەوە، عێراق 78٪ باجی گومرگی لەسەر کاڵا و کەلوپەلی ئەمریکی داناوە بۆیە ئەمریکاش باجی گومرگی بۆ 39٪ بەرز کردووەتەوە.

سەپاندنی کۆمەڵێک سزای گومرگی لە لایەن چل و حەوتەمین سەرۆکی ئەمریکا، کاردانەوەی ژمارەیەک وڵاتانی لێکەوتەوە و بەشێک لە وڵاتان وەڵامیان داوەتەوە و هەندێکی دیکەش تاوتوێی دۆخەکە دەکەن.

چین یەکێک بوو لەو وڵاتانە کە ئەمریکا 34٪ باجی گومرگی خستە سەر، چین رۆژێک دواتر بە 34٪ باجی گومرگی وەڵامی ئەمریکای دایەوە.
وتەبێژی کۆشکی سپی وتی، "چین هەڵەی کرد وەڵامی باجە گومرگییەکانی دایەوە، کاتێک ئەمریکا گورزی لێ دەوەشێنرێت، بە شێوازێکی توندتر وەڵام دەداتەوە، هەر لەبەر ئەوە باجە گومرگییەکانی سەر چین دەگەنە 104٪".

دواتر دۆناڵد ترامپ چینی بە تێکدانی بازاڕی جیهان تاوانبار کرد و باجی گومرگی سەر وڵاتەکەی بۆ 125٪ بەرز کردەوە، رۆژێک دواتریش باجی گومرگی سەر وڵاتەکەی بۆ 145٪ بەرز کردەوە، لە وەڵامی باجە گومرگییەکانی ئەمریکادا، چین باجی گومرگی بەسەر کاڵای هاوردەکراوی ئەمریکیدا بۆ 84٪ بەرز کردەوە. دواتریش چین جارێکی دیکە جارێکی باجە گومرگییەکانی سەر ئەمریکای بەرز کردەوە بۆ 125٪.

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا لە دوایین لێدوانیدا رایگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی هەندێک وڵات هیچ وەڵامێکیان بۆ پێناسە گومرگییەکانی وڵاتەکەیان نەداوەتەوە، بۆ ماوەی 90 رۆژ باجی گومرگی لەسەر 75 وڵات هەڵدەگرێت.

More News

Most Popular

هەواڵ

وەزارەتی دارایی لە ناردنی لیستی مووچە بۆ بەغدا دواکەت

Mic
2025-04-18


وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم لیستی مووچەی مانگی چواری بۆ بەغدا نەناردووە، لەکاتێکدا بەپێی قسەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم، دەبوایە پێنج رۆژ پێش ئێستا لیستەکە بنێردرایە.

هەفتەی پێشوو، لە دوو لێدوانی رۆژنامەوانیدا، سەمیر هەورامی، وتەبێژی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، رۆژی 13ـى نیسان، لیستی مووچەی مانگی چوار ئامادە دەبێت و شاندێکی تەکنیکی هەرێم لیستەکە دەگەیەنێت بە بەغدا.

هەروەها ئاماژەی بەوەکرد، شاندەکە لە بەغدا دەمێنێتەوە تا هەر کێشەیەک لە لیستەکەدا هەبوو چارەسەر بکرێت و وتی: دوای تەمویلکردنی وەزارەتەکانی عێراق، وەزیری دارایی عێراق پارە بۆ هەرێم دەنێرێت.

دوای پێنج رۆژ لەو وادەیەی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی بۆ ناردنی لیستی مووچە دیاریکردبوو، تائێستا وەزارەتی دارایی هەرێم لیستی مووچەی مانگی چواری موچەخۆرانی هەرێمی بۆ بەغدا نەناردووە.

وەزارەتی دارایی هەرێم رۆژی 26ـى ئادار لیستی مووچەی مانگی ئاداری بڵاوکردەوە، لەوکاتەوە هیچ راگەیەندراو و لێدوانێکیان لەسەر مووچەی مانگی نیسان نەداوە.

ناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە بەسترواوە بە ناردنی لیستی مووچە لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە بۆ بەغدا، وەزارەتی دارایی عێراق هەموو مانگێک تا 18ـى مانگ وەزارەتەکانی عێراق پارەدار دەکات، ئەگەر لیستی مووچەی هەرێمی بە دەستبگات و تێبینی لەسەری نەبێت لەدوای 18ـى مانگەوە مووچەی هەرێم دەنێرێت.