ئاکۆ کەریم جەلال پسپۆری نەخۆشییەکانی منداڵان و گەشەی منداڵ لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوەکردووە، لە سەردەمی کۆندا مەڵاشوو کەوتن نەخۆشییەکی باو بووە، لە ئێستاشدا لای هەندێک کەس هەیە، بە منداڵێکیان دەوت مەڵاشووی کەوتووە کاتێک منداڵەکە ماوەیەک خواردنی کەمبووایە و پرخەی لووتی هەبووایە و بێتاقەت و بێهیز بووایە و خەوی کەم بووایە، بۆ چارەسەر منداڵەکەیان دەبرد بۆ لایی ئافرەتێکی شارەزا پەنجەیەکی دەکرد بە قورگیا بۆ ئەوەی مەڵاشووی بەرزبکرێتەوە و ببرێتەوە شوێنی خۆی.
ئەو پسپۆڕە ئاشکرایکردووە، لە رووی زانستییەوە مەڵاشوو کەوتن وەک نەخۆشی هەیە و هەبووە و هەر دەشبێت، بەڵام دەستەواژەی مەڵاشوو کەوتن هەڵەیە چونکە مەڵاشوو ناکەوێت، هۆکاری ئەم نەخۆشییە لە رووی زانستییەوە ئەوەیە کاتێک منداڵ تووشی هەوکردنی ڤایرۆسات دەبێت هەندێک جار لەوزەتێنی سێهەم کە پێی دەوترێت "ئەدینۆید" یان پێیدەڵێن "گۆشتە زیادە"، دەکەوێتە بەشی سەرەوەی قورگ لە پشت رێرەوی لووت کە لە هەموو مرۆڤێکدا هەیە گەورە دەبێت بەمەش منداڵەکە هەناسەدانی بە لووت ئەستەم دەبێت و خواردنی کەم دەبێتەوە و بێهێز و بێتاقەتی دەکات.
ئاکۆی پزیشک روونیکردووەتەوە، ئەگەر منداڵەکە چەند رۆژێک خواردنی کەمبێتەوە ئەوا تووشی وشکبوونەوە دەبێت دەرئەنجام لە منداڵی کەمتر لە یەک ساڵ مەڵاشووی دەقووپێت بۆ ناوەوە لە ئەنجامی کەمبوونەوەی ئاوی لەشی، (ئاشکرایە منداڵ لە ٪٧٠ بۆ ٪٦٥ لەشی لە ئاو پێکهاتووە).
سەبارەت بە ڕێگەی کۆنی جاران کە ئافرەتێک بە پەنجە مەڵاشووی منداڵەکەی دەهێنایەوە ئەو پسپۆڕە دەڵێت "جاران لە نەبوونی پزیشک و هۆشداریی تەندروستیی وا لێکدراوەتەوە کە مەڵاشووی منداڵەکە کەوتووەتە پشتی لووتیەوە بۆیە لووتی گیراوە، بۆ چارەسەر کەسێک بە پەنجە پەستانی خستووەتە سەر بەشی سەرەوەی قورگی منداڵەکە و هەوڵیداوە مەڵاشووی بگەرێنێتەوە شوێنی خۆی، بەڵام بەهۆی ئەو پەستانە زۆرە بۆتە هۆی ئەوەی ئەو لەوزەتێنە بتەقێت بەمەش قەبارەکەی بچووکبووەتەوە و رێرەوی لووتی منداڵەکە کراوەتەوە بەمەش منداڵەکە بۆ ماوەیەکی کاتی باش بووە، بەڵام ئەم رێگە کۆنە هەڵەیە چونکە ئازارێکی زۆر بۆ منداڵەکە دروست دەبێت و ئەگەری هەوکردن و خوێن بەربوون زیاد دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا ترس و شڵەژانی دەروونی بۆ منداڵەکە دروست دەبێت".
لەو کۆتاییدا ئەو پسپۆرە ئەوەی خستووەتە روو، لە ئێستادا ئەم نەخۆشییە بە قەترەی لوت و شروب چارەسەر دەکرێت، هەندێک جاریش بە نەشتەرگەریی، هیچ پێویست ناکات ئەو چارەسەرەی جاران بکرێت.
زیاتر سێ مانگە زیندانیکراوێک لە چاکسازی گەورانی سلێمانی ڕایکردوە کە دوو سزای لەسێدارەدانی هەیە بەڵام تا ئێستا دەستگیرنەکراوە، سەرچاوەیەک دەڵێت، چووەتە دەرەوەی کوردستان.
98 ڕۆژە زیندانیکراوێک لە چاکسازی گەورانی سلێمانی ڕایکردوە و تا ئێستا نەتوانراوە دەستگیربکرێتەوە، ئاسایشی سلێمانی لەسەر دۆسیەکە سێ براو و زاوایەکی دەستگیرکردووە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە ئەمنییەکانەوە دەستی مایک کەوتوون، هێزە ئەمنییەکان چەند سەرە داوێکیان لەسەر شوێنی زیندانییە ڕاکردوەکە دەستکەوتووە، بەڵام نەیانتوانیووە دەستگیری بکەنەوە.
بەپێی زانیاری سەرچاوەکان، ئەو زیندانیکراوە دوای ڕاکردنی لە زیندان بە هاوکاری کەسوکارەکەی خۆی گەیاندوەتە دەرەوەی کوردستان و هێزە ئەمنییەکان توانیویانە زانیاریی سەرەتاییان لەسەر شوێنەکەی دەست بکەوێت.
چیرۆکی ڕوداوەکە
ڕۆژی 30ـی تشرینی یەکەمی 2024، لەکاتی سەردانیکردنی کەسوکاری سزادراوان، سزادراوێک ڕایکرد و براکەی لە شوێنی ئەو لە زیندانەکە مایەوە، ڕوداوەکە دوای زیاتر لە 16 کاتژمێر ئاشکرابوو، لەگەڵ ئاشکرابوونیشدا هێزەکانی ئاسایش برای زیندانی کراوەکەیان دەستگیرکرد و هێزە ئەمنییەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد.
ئەو سزادراوەکەی کە ڕایکرد تۆمەتباربووە بەکوشتنی کوڕ و باوکێک لە گەرمیان، لە ڕۆژی 7ـی تەموزی 2017ـەوە دەستگیرکراوە و سزای لە سێدارەدانی سەردا سەپێندراوە.
سزای ئەو کەسانە چی دەبێت کە هاوکارییان کردووە؟
بەپێی ماددەی 268ـی یاسای سزادانی عێراق هەر کەسێک هاوکاری زیندانیەک بکات بۆ هەڵهاتن کە سزای لە سێدارەدانی هەبێت ئەوا سزا دەدرێت بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک لە 10ساڵ زیاتر نەبێت.
بەپێی وردەکارییەکانی یاساکە، لە هەندێک حاڵەتدا دەکرێت جگەلە سزای زیندانیکردن پێبژاردنی مادییش بەو کەسانە بکرێت کە هاوکاریی سزادراوی هەڵهاتوو دەکەن.
کچە ڕاگیراوێکیش هەڵات
ڕۆژی 28ـی تەموزی 2024، کچێکی تەمەن 16 ساڵ لە چاکسازی ژنانی سلێمانی ڕایکرد و دوای نزیکەی 24 کاتژمێر هێزە ئەمنییەکان توانیان دەستیگیری بکەنەوە.
بەپێی گێڕانەوەکان، ئەو کچە سودی لە کەمی هێزی جێبەجێکار و نەوبونی چاودێری توند وەرگرتووە بۆیە بەسەر دیواری چاکسازییەکەدا ڕایکردووە.
ئەوکات، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی سلێمانی، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، شەش تۆمەتبار هاوکاربوون لە حەشاردانی و گواستنەوەی ئەو ڕاگیراوە ڕاکردووەدا و سەرجەمیان دەستگیرکراون و رادەستی یاسا کراون.
لە زیندان دوو کەس بریندارکران
ڕۆژی 30ـی حوزەیرانی 2024، لە زیندانی گرتن و گواستنەوەی سلێمانی کەسێک کە چەقۆی لەناو پێڵاوەکانیدا شاردبوەوە و لە ناو زینداندا هەوڵی کوشتنی دوو کەسی دا کە تۆمەتبارن بە کوشتنی براکەی.
لەو ڕووداوەدا دوو کەس برینداربوون کە یەکێکیان چەقۆ بەر ملی کەوتبوو ئەو دیکەشیان چەقۆ لە گوێچەکەیەکی درابوو.
ئەوکات، پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند: کەسی هێرشبەر چەقۆی لە پێڵاوەکانیدا شاردوەتەوە و هیچ پشکنینێک نەیتوانیوە بیدۆزێتەوە، تەنانەت کاتێک دەیەوێت بچێتە ناو زیندانەکەوە پاسەوانان پێڵاوەکانیان پێ داکەندووە بەڵام نەیانتوانیووە هیچ ئاماژەیەک بدۆزنەوە.
چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان
لە هەرێمی کوردستاندا سێ چاکسازیی گەوران لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک هەن؛ هاوکات سێ چاکسازیی ژنان و منداڵان لە هەر سێ شارەکەدا هەن و بەگشتی زیاتر لە 5000 هەزار کەس تێیاندا سزاکانیان بەسەر دەبەن.